Loading

پاڵەوانی جەنگ یان پاڵەوانی هونەر ڕۆمانێک و سەربازێکی فەرماندە حەزرەتی مەسیح ڕزگار دەکەن

پیێرۆ دێلە فرانچێسکە

Piero della Francesca

هونەرمەندی شێوەکار و ئەندازیاری ئیتالی بەناوبانگ پیێرۆ دی بێنێدێتی دێ فرانچێسکە لە سالی ١٤١٧ لە گوندی سانسێپۆلکرۆی هەرێمی تۆسکانە لە دایک بووە و بە یەکێک لە هونەرمەندەکانی سەردەمی چەرخی هەستانەوەی دووهەمی ئیتالیا دەژمێردرێت ، خاوەنی کۆمەڵێک تابلۆی گرنگ و بەناوبانگە ، تابلۆی هەستانەوەی حەزرەتی مەسیح کە لەسەر دیوار کێشراوە بەناوبانگترین و گرنگترین تابلۆیانە و ئێستا لە مۆزەخانەی شاری سانسێپۆلکرۆ یە و ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن ٠

Aldous Huxley

ئالدۆس هوکسلی رۆمان نوسێکی بەریتانی یە و لەساڵی ١٨٩٤ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٣ لە لۆس ئەنجلوس کۆچی دوایی دەکات ،هۆکسلی کۆمەڵێک چیرۆک و ڕۆمان و هۆنراوەی بڵاوکردۆتەوە لە هەموویان بەناوبانگتر ڕۆمانی جیهانی نوێ یە ، هوکسلی لە یەکێک لە رۆمانەکانیدا دەلێت (جوانترین تابلۆ لە جیهاندا تابلۆی هەستانەوەی حەزرەتی مەسیحی پیێرۆ دێلە فرانچێسکەیە )٠

گوندی سانسێپۆڵکرۆ

SANSEPOLCRO

لە پانتایی دەشتە فراوانەکانی نێو شاخ و دۆڵەکانی هەرێمی تۆسکانەی ئیتالیا نزیک شاری فلۆرەنسا گوندێکی بچوکی ڕازاوەی دڵفڕێن کە بە جوانیەکەی رۆح ئەسمێت و هۆش ئەمژێت پتر لە ٦٠٠ ساڵە شاکاری هەستانەوەی حەزرەتی مەسیحی هونەرمەند پیێرۆ دێلە فرانچێسکەی لە باوەشگرتووە، ناوی سانسێپۆلکرۆیە ٠

بێنیتۆ موسۆلینی

بۆردومانکردنی سانسێپۆلکرۆ

کاتێک هاوپەیمانەکان هێرشدەکەنە سەر فاشست و نازییەکانی سەر بە موسۆلینی و هیتلەر و نزیک دەبنەوە لە هەرێمی تۆسکانە ، هەواڵیان پێ دەگات گوایە ژمارەیەک لە نازییەکان لە گوندی سانسێپۆلکرۆ خۆیان شاردۆتەوە ، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی داوا لە کەپیتان تۆنی کلارک بکەن بۆردومانی گوندەکە بکات٠

ئەمە کەپیتان تۆنی کلارکە

Capitan Tony Clarke

کلارک سەرباز و فەرماندەیەکی بە رەچەڵەک ئینگلیزە و لە کۆتایی چەنگی جیهانی دووهەمدا لەگەڵ هێزی هاوپەیمانەکان بەشداری ئازادکردنی ئیتالیا دەکات ٠

کەپیتان تۆنی کلارک لە ساڵی ١٩٨٠ کۆچی دوای دەکات

کلارک رۆمانەکەی بیردەکەوێتەوە

کەپیتان تۆنی کلارک کاتێک فەرمانەکەی پێدەگات رۆمانەکەی ئالدۆس هوکسلی بیر دەکەوێتەوە بیر لەوە دەکاتەوە بە بۆردومانکردنی گوندەکە ئەگەری ئەوە هەیە کە تابلۆکەی هەستانەوەی حەزرەتی مەسیح لە ناو بچێت ، بۆیە بڕیاردەدات درۆ لەگەڵ سەرکردەکانی خۆی بکات و سانسێپۆلکرۆ بوردومان نەکات و حەزرەتی مەسیح ڕزگاربکات ٠

وێنەی سەر دیواری هەستانەوەی حەزرەتی عیسا

پیێرۆ دێلە فرانچێسکە ١٤٥٨

بەرامبەر ئەم هەڵوێستە هونەر دۆستانەی کەپیتان کلارک تەنها گۆڕەپانی شاری سانسێپۆلکرۆ ناوی گۆرەپانی تۆنی کلارکە ٠

تۆنی کلارک و کتێبخانەکەی باشوری ئەفەریقا

کلارکی مرۆڤ دۆست و هونەر دۆست

کلارکی پیاوێکی ناسک و هونەر دۆست و مرۆڤ دۆست کە خانەنشین دەکرێت بە پارەی خەڵاتی خانەنشینیەکی لە ئەفەریقا کتێبخانەیەکی گەورە بۆ ئەفەریقیەکان دەکاتەوە و خۆشی بەڕێوەی دەبات٠

کولتور و هونەر و جوانی

هونەر و کولتور پەیامبەرەکانیش ڕزگاردەکەن

سەرخێڵ عبداللە محمد

گۆڤاری کوردی