Loading

ئاڵتونی نوێ کوتان بۆ کۆڤید پێشبڕکێ بۆ سەروەری و پەنجا ملیارد دۆلار دەستکەوت

١٠٠ پڕۆژە لە ئارادایە بۆ دۆزینەوەی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا

دروستکردنی فڕۆکەیەک لە کاتی فڕیندا

چارەنوسی نزیکەی هەشت ملیارد مرۆڤ ، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و گەل ، پەیوەندی نێوان زل هێزەکانی دونیا ، دواڕۆژی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی جیهان ، هەموو ئەمانە گرێدراون بە موی باریکی دۆزینەوەی کوتانێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ٠

کوتان بۆ هەمووان

هێشتا ئاشکرا نیە کوتانەکە بە موڵکی گشتی مرۆڤایەتی هەژماردەکرێت یان دەبێتە هاوکۆلکەی سەرەکی سەروەری و چەکی زل هێزەکان و سەرچاوەی دەستکەوتی ئابوری ٠

ئایا کوتانەکە تانوپۆی جوگرافیای سیاسی نوێی جیهان دەگۆڕێت و پەیوەندی نێوان زەبەلاحەکان لە دونیادا دادەرێژێتەوە ٠

لە ژێرزەمینی تاقیگەی بیگ فارماکانی ئاسیا و ئەورپا و ئەمەریکا و چین و رووسیا و کەنەدا و ئوسترالیا و تەنانەت بەرازیل نزیکەی ١٠٠ پرۆژە بۆ دۆزینەوەی کوتانێک دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڕێوە دەچێت ٠

بەڵام ئایا هیچ یەک لەم پرۆژانە خەونی (کوتانی خۆڕایی و سەربەست ) یی خانمی نەیجیری ( نگۆزی) ی سەرۆکی ڕێکخراوی کوتان و بەرگری جیهانی دێنێتە دی؟

Ngozi Okonjo-Iweala

چی ڕویدا وا هەموی گۆڕا ؟

بەهۆی گۆڕانی دەوروبەرمان ئێمەی مرۆڤ هەردەم خۆمان گۆڕیوە ، لەسەردەمی کۆمیدیای ئیلاهی دانتێ ئەلیگێری شاعیری ئیتالیەوە تا ئێستا سێ تاعون و پەتای کوشندەمان هاتۆتە ڕێ ٠

هەڵسانەوەی تۆپی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەڕینەوەی لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکە بووە هۆی ئەوەی مرۆڤایەتی دووچاری زۆر گرفتی گەورە بێت ، بە تایبەتی لە ڕووی تەندروستی و ئابورییەوە٠

تەندروستی

دەستەپاچەیی سیستەمی بەرگری لەشمان بۆ نزیکەی دوو هەفتە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە کێشەی یەکەمە

کێشەی دووهەم شەپۆکاندنی سیستەمی بەرگری لەشمانە بە شێوەیەک کە زۆر بە توندو تیژی وەڵامی ڤایرۆسەکە دەداتەوە ، بۆیە دەرئەنجام بەرگری لەشمان پەلامارمان دەدات و دەمانکوژێت لەبری ڤایرۆسەکە ٠

ئابوری

بەستراوەیی ئابورییەکانی جیهان بەیەکەوە و پەیوەستی ئابوری لۆکاڵ و ئابووری جیهان و بردنە دەرەوە و گواستنەوەی بەرهەم هێنان لە ووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی دیکە بەهۆی جیاوازی نرخی کار و باج لە پێناوی قازانجی زۆردا ، بەگڵۆباڵ کردنی ئابووری بەم شێوە خەست و خۆڵە ، گرفتە ئابورییەکانی سەردەمی کۆڤیدی زیاتر و سەخت ترکرد٠

پەیوەندی خێراو بەردەوام ، گواستنەوە و هاتوچۆی شمەک لە لایەکی جیهانەوە بۆ لایەکی دیکە هاوکۆلکەی سەرەکی ئابورییەکی بەگلۆباڵ کراوە ، بەڵام نەبونی کوتان و چارەسەر بۆ ڤایرۆسەکە بووە هۆی ئەوەی تەنها ڕێگایەک بمێنێتەوە بۆ بڕینی قاچی ڤایرۆسەکە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی پەیوەندییەکان بێت لەسەر ئاستی لۆکاڵ و جیهان٠

ئەمە بووە هۆی کەمکردنەوە یان نەهێشتنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بە شێوەیەک کە بە سەدان ملێۆن مرۆڤ کاری خۆیان لەدەستدا ، هەزاران کۆمپانیای گەورە و بچوک مایەپووچ بوون ، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زیانەکان بە دەیان هەزار ملیارد خەمڵێندران ٠

دیارە بەشێکی زۆر لە شارەزایانی بواری ئابوری پێمان ڕادەگەیەنن کە ساڵانی داهاتوو زۆر سەخت و دژوارتر دەبێت لەڕووی ئابوورییەوە ، تەنانەت جیهانی نوێ و بەگڵۆباڵ کردنەکەشی بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکەونە ژێر فشاری پرسیارەوە٠

پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی ئابوری ، هەندێک ووڵاتی دونیای خستە پەلەقاژەوە٠

کاریگەری ڤایرۆسەکە لە ڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە وا دەکات کوتانەکە لە ئاڵتون بەنرختر بێت ٠

لە ١٠٠ پڕۆژەی گەڕان بەدوای کوتاندا حەفت پڕۆژە هەن کە قۆناغی باشیان بڕیوە ، بەڵام زۆر گرنگە قۆناغی سەلماندنی سەلامەتی کوتانەکە زۆر بە باشی بەڕێوە بچێت ، کە دەکرێت بڵێین دوورو درێژترین قۆناغە و زۆرترین پارەی تێدەچێت ، هاوکات خۆبەخش پێویستە بۆ ئەوەی کوتانەکەیان لەسەر تاقی بکرێتەوە ، لە بیرمان نەچێت کە لە چین دوو خۆبەخش ژیانیان کەوتە مەترسیەوە بەهۆی تاقیکردنەوەی کوتانێکی کۆمپانیایی بیۆتێک سینۆڤاک

Biotec Sinovac

پرۆژەکانی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کوتان بۆ کۆرۆنا

هەندێک لە پڕۆژەکانی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کوتان

ڕەنگی ڕەساسی سەر نەخشەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ هەوڵێک لە ئارادانیە بۆ دۆزینەیوەی کوتان لەو ووڵاتەدا ٠

سوريا

لەگەڵ هەموو گرفتەکاندا لە سوریا پڕۆژەیەکی ئامادەکردنی کوتانێک بۆ کۆڤید بەڕێوە دەچێت ٠

کەی کوتانی کۆڤید دەگاتە دەست مرۆڤایەتی ؟

دکتۆر ڕینۆ ڕەپۆلی خەڵکی شاری فلۆرەنسای ئیتالی تەمەن ٦٨ ساڵ ، کە بە باوکی کوتانی دژی پەسیوی و هەوکردنی پەردەکانی مێشک و سیل دادەنرێت و ئێستا بەڕێوبەری زانستی گروپی فرەنەتەوەیی ( گلاکسۆ سیمثکلین) یی بەریتانی ، دەڵێت : ٠

من زۆر گەش بینم کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا مرۆڤایەتی کوتان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزێتەوە ، هەرچەندە کۆرۆنا ژیانی مرۆڤی خستۆتە مەترسیەوە ، هاوکات ئابوری جیهانی خستۆتە سەر چۆک ، بەڵام پێ دەچێت لە تاقیگەکانی ئێمەدا ڤایرۆسەکە بە ئاسانی بچەمێتەوە ،بۆیە پێم وایە بتوانین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کۆتانێک دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزینەوە ٠

دوو ڕێگا و سەد هەوڵ بۆ دۆزینەوەی کوتان بۆ کۆرۆنا

دوو ڕێگای سەرەکی بۆ دۆزینەوەی کوتان دژی کۆڤید گیراونەتەبەر کە بریتین لە

یەکەم ڕێگا کوتان بەهۆی ڤایرۆسێکی تەواوی کۆرۆنا کە لاوازکراوە یان ناچالاک و سست کراوە٠

دووهەم کوتان بەهۆی بەشێکی ڤایرۆسەکە کە پێی دەڵێن کوتان بە سپیکی ڤایرۆسەکە ، کە دەکرێت بە سێ ڕێکار ئەنجام بدرێت ٠

بەهۆی پرۆتینی ڤایرۆسەکەوە کە لە ڕێگەی کوتانەوە ڕاستەوخۆ دەکرێتە لەشی مرۆڤەوە٠

RNA , DNA بەهۆی جێنۆمەی ڤایرۆسەکەوە

یان بەشێک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ڤایرۆسیکی دیکە کە کوشندە نەبێت وەک یەک پاکەت ئامادە دەکرێت و لە ڕێگەی کوتانەوە دەکرێنە لەشی مرۆڤەوە ، بەم شێوەیە لە ڕێگەی ڤایرۆسەکەی ترەوە پارچەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەلەشماندا بڵاو دەبێتەوە و سیستەمی بەرگریمان ئاشنای دەبێت و دژەتەنی بۆ بەرهەم دەهێنێ ، ئەم ڕێگەیە ناسراوە بە ڕێگای ئەسپی تروادە ٠

ئەسپی تروادە

لە سەردەمی گرێکەکان دا کاتی شەڕی تروادە ، سەربازەکان بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ناو شارەوە خۆیان دەشارنەوە لە ناو سکی ئەسپێکی گەورەی بەتەختە درووستکراو کە ناسراوە بە ئەسپی تروادە ٠

٣٥ گروپ

٣٥ گرووپی نێودەوڵەتی سەرقاڵی جۆری دووهەمی کوتانن ، واتە بەکارهێنانی بە شێک لە فایرۆسەکە نەک ڤایرۆسێکی تەواوی لاوازکراو ، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکانی چین مەترسی ئەم ڕێگایەی خستە ڕوو ٠

Sanofi & Glaxo SmithKline

لەم ٣٥ گرووپەدا گرووپی کۆمپانیای سانۆفی فەرەنسی بەهاوکاری لەگەڵ کلاسکۆ سیمینثکلین هەنگاوی گەورەیان ناوە و لە قۆناغێکی پێشکەوتودان هەرچەندە تا ئێستا لەسەر مرۆڤ تاقی نەکراوەتەوە ٠

دکتۆر ڕپۆلی ئەندامی گرووپەکە دەڵێت بەهیواین لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ دا کوتانەکەمان ئامادەبێت بڕوام وایە کە گرفتی گەورەمان نەبێت لە بەرهەم هێنانی ژمارەیەکی زۆری کوتانەکە ، چونکە بەهەمان تەکنیک مرۆڤایەتی توانای بەرهەم هێنانی ٤ تا ٥ ملیارد کوتانی دیکەی هەیە لە ساڵێکدا ، بۆیە پێم وایە ئەگەر ئەم ڕێگایەی کە گرتوومانەتە بەر سەر بگرێت ، لە ماوەی ساڵێکدا ٤ ملیارد یەکەی کوتان بەرهەم دەهێنین ٠

سەبارەت بە بەرهەم هێنانی سپیکی ڤایرۆسەکە واتە بەشێک لە ڤایرۆسەکە دکتۆر ڕینۆی ئیتالی پسپۆر لە بواری درووستکردنی کوتاندا دەڵێت : دوای ئەوەی کە چینیەکان زنجیرەی بۆماوەیی ڤایرۆسەکەیان دۆزییەوە ، بەرهەم هێنانی سپیکی ڤایرۆسەکە کارێکی زۆر ئاسانە ، لە ماوەی هەفتەیەکدا لە تاقیگەکانی کۆمپانیای مۆدێرنەی ئەمەریکی توانرا سپیکی ڤایرۆسەکە بەرهەم بهێنرێت ٠

دیارە کۆمپانیای مۆدێرنا و نزیکەی بیست کۆمپانیا و گروپی دیکە ، لەسەر جێنۆمەی ڤایرۆسەکە کاردەکەن بە پێچەوانەی سانۆفی فەرەنسی کە لەسەر پڕۆتینی ڤایرۆسەکە کاردەکات٠

RNA و DNA جێنۆما واتە

کورتترین ڕێگا بۆ وەستانی کۆرۆنا ئەسپەکەی تروادەیە

سەربازەکان دەچنە ناو ئەسپی تروادەوە

ڕێگایەکی کورت بۆ بەرهەم هێنانی کوتانێک دژی کۆڤید ڕێگای ئەسپی تروادەیە کە سانۆفی فەرەنسی کاری لەسەر دەکات ، هاوکات سی گروپی دیکە لە جیهاندا سەرقاڵی ئامادەکردنی کوتانن بە هەمان شێوە ٠

ڕێگەی تروادە

بریتیە لە پاکەتکردنی بەشێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، بۆ نمونە پڕۆتینەکەی لەگەڵ ڤایرۆسێکی دیکەی ئەنفلۆنزا و پەسیوی بەمەرجێک کوشندە نەبێت ، بۆ ئەوەی هانی سیستەمی بەرگریمان بدات لەڕێگەی ئەو پارچەیەوە ئاشنای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت و دژەتەنی بۆ دروست بکات ٠

هەروەها کۆمپانیای کانسینۆی چینی و جۆنسۆن ئەند جۆنسۆنی ئەمەریکی سەرقاڵی ئامادەکردنی کوتانێکن بەم ڕێگایە ، کۆمپانیای جۆنسۆن ئەند جۆنسۆنی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە کە توانای بەرهەم هێنانی یەک ملیارد یەکەی کوتانی هەیە٠

لە ئێستادا کوتانێک دژی ئیبۆلا هەیە کەبەم شێوەیە ئامادەکراوە و بەکار دەهێنرێت ٠

لێکۆڵینەوەکان چۆن باسی ئەم ڕێگایەی ئەسپی تروادە دەکەن

لێکۆڵینەوەکانی گروپی چینی کانسینۆ ئاشکرایان کردووە کە ئەم جۆرە کوتانە دەرئەنجامێکی باشی هەیە ، بەڵام سیستەمی بەرگری لەشمان لە هەندێک جاردا ژمارەیەکی کەم دژەتەن دروست دەکات بەهۆی ئەم کوتانەوە ، بۆیە کوتانەکە بەتەواوەتی ڕێگا ناگرێت لە توشبوون بە نەخۆشیەکە ٠

هاوکات پەیمانگای جینێری ئۆکسفۆرد بە هاوکاری لەگەڵ گرووپی ئاسترا زێنێکا سەرقاڵی کوتانێکن بە ڕێگەی ئەسپی تروادە ، حکومەتی ئەمەریکی ١،٢ ملیار دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە ٠

تاقیکردنەوەکان لەسەر مەیمونی ماکاکی پیشانی دەدەن کە دوای کوتانەکە تەنها بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە تووشی نەخۆشیەکە دەبێت ، دەتوانین بڵێین کۆڤید دەبێتە پەسیویەکی سادە و ساکار ، بەڵام ڤایرۆسەکە لە قوڕگی نەخۆشەکەدا دەمێنێتەوە و نەخۆشەکە توانای بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەی هەردەمێنێت ٠

مەیمونی ماکاکی

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن پێش ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ دەست دەکەین بەکوتان ، هەرچەندە مەرج نیە کوتانەکان سەد دەر سەد کاریگەر بن بەڵام پارێزراوتر دەبین لە ئێستا و ئەگەری مردن بە نەخۆشیەکە زۆر کەم دەبێتەوە بەم جۆرە کوتانانە ، پێدەچێت کاتێکی زۆرترمان پێویست بێت بۆ کوتانێکی زۆر کاریگەر ٠

بۆنی دراو و دۆلار و چارەنوسی کوتان بۆ کۆرۆنا

کێ دەبێتە ئیمپراتۆری کوتانی کۆڤید

پتر لە ١١٠ تاقیگە لە جیهاندا سەرقاڵی دۆزینەوەی کوتانن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ، گروپە بچوکەکانی بیۆتێکنەلۆجی ئازادترن لە گروپە زەبەلاحەکان بۆیە زۆر چاپوکانە بەبێ هیچ سنور و چوارچێوەیەکی داڕێژراو کاردەکەن ، ڕێگاو ڕێکارە نوێکان تاقی دەکەنەوە و زوو دەگەنە دەرئەنجامی خوازراو ، بەڵام پاشان زەبەلاحەکانی فارما دەگەنە سەریان و داهێنانەکەیان لێ دەکڕنەوە ٠

گروپێکی بچوک لە ئیتالیا سەرقاڵی کوتانێکە کە لەمانگی حەفتی ئەمساڵدا لەسەر ژمارەیەکی زۆر ئیتالی تاقیدەکرێتەوە ، بەرهەم هێنانی تەنها ١٠٠ ملێۆن یەکەی ئەم کوتانەی ئیتالیەکان نزیکەی ٣٠٠ ملێۆن ئێورۆی تێدەچێت ، بۆیە گروپی دکتۆر ستيفانۆ کۆلۆکا داوایان لە ڕێکخراوی بیل گێتس کردووە هاوکارییان بکات ٠

ئەمەریکا و چین و ڕووسیا و ئەوروپا لە پێشبڕکێی دۆزینەوەی کوتانی کۆڤید دان ٠

سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا و مێرکل و ماکرۆن جەخت دەکەنەوە لەوەی کە کوتانەکە دەبێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێت ٠

سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا خاتوو ئورسۆلا
مێرکل - ئەڵمانیا
ماکرۆن - فەرەنسا

پێ دەچێت ئەمەریکا و چین وەک چەکێکی ئابوری و ئامرازێکی سیاسی کوتانەکە بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی و سەروەری خۆیان٠

سەردانی ترامپ بۆ مۆدێرنا
سەرۆکی چین لە نزیکەوە چاودێری پرۆژەکانی کوتان دەکات ٠

ئەو پیاوەی رۆژی ١٠ ملێۆن دۆلاری دەست دەکەوێت

ڕۆژی ٢٠٢٠/١/٦ ستێفن بانسیل لە گەڵ خێزانەکەی ئاهەنگی بێفانەیان دەگێڕا کاتێک تەلەفونی بۆ کرا و هەواڵی ئەوەیان دایە کە کۆمپانیاکەی لە زەرەر دایە و ٥١٤ ملێۆن دولار لەژێرەوەیە ٠

کۆمپانیای مۆدێرنای ستیفن دوای ٩ ساڵ لەکردنەوەی ، پشکەکانی لە بۆرسەی واڵ ستریتدا بە ١٨ دۆلار دەخەمڵێنرێت ، چوار دۆلار کەمتر لە نرخی چوونە بۆرسەی کۆمپانیاکە ٠

بەڵام بێفانەی گسک لێخوڕ پێ دەچێت دیارییەکی زۆر گەورەی بۆ پیاوە فەرەنسی یە ٤٧ ساڵەکە هێنابێت ٠

کاتێک وال ستریت جۆرناڵ دەنوسێت “حکومەتی ئەمەریکی نیازی هەیە چارەسەر بۆ ڤایرۆسە چینیەکە بدۆزێتەوە “ ستیفن بانسل هەڵدەقونێت و لە خۆشیدا پێی زەوی ناگرێت ، بانسل زانای ڤایرۆس و میکرۆب نیە بەڵام زۆر بە ئاسانی بۆنی دۆلار و دراو دەکات و دەزانێت لە کۆێ پارە هەیە ٠

ستیفن بانسل دەست دەکات بەگەڕان بەدوای زانیاریدا دەیان ئیمەیل دەنێرێت ، تا ” بارنێری گراهام “ کە ژمارە دووی پەیمانگای تەندروستی نیشتیمانی ئەمەریکییە وەڵامی دەداتەوەو پێی ڕادەگەیەنێت کە حکومەتی ئەمەریکی بڕیاری داوە کوتانێک بۆ ڤایرۆسەکەی چین بدۆزێتەوە کە هاوشێوەی ڤایرۆسەکەی کۆئەندامی هەناسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ( مێرس ) ، کە بۆخۆی مۆدێرنا کاری زۆری لەسەر کردبوو ٠

بانسل لە ١٣ مانگی یەک بە پەلە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا ، هاوکات زنجیرەی بۆماوەیی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە چینیەکان وەرگرتبوو ، لەو ساتەوە پێشبڕکێ بۆ ئاڵتوونی کوتانی کۆڤید دەستی پێکرد ٠

جەژنی ئێبێفانی لە٦ مانگی یەکی هەموو ساڵێکدا دەکرێت دوای سەری ساڵی نوێیە ٠

سەرەتای مانگی دووی ئەم ساڵ یەکەم کوتانی کۆمپانیای مۆدێرنا ئامادەبوو٠

RNA -1273

واڵستریت نرخی هەموو ئەو پشکانە ئەفڕێنێت کە بۆنی کوتان و چارەسەری کۆڤیدیان لێدێت ، مۆدیرنای بانسل نرخی پشکەکانی دەگاتە نزیکەی ٢٦ دۆلار لە چەند رۆژێکی کەمدا ، هاوکات لە ٣ یی مانگی ئازاردا حکومەتی ئەمەریکا ڕێگا بە مۆدێرنا دەدات کوتانەکە لەسەر مرۆڤ تاقی بکاتەوە ، هەر بەمەش تەواو نابێت سەرۆکی ئەمەریکا سپۆنسەری کوتانی گروپی مۆدێرنا دەکات و ١٦ یی مانگی چوار حکومەتی ئەمەریکی چەکێکی ٤٨٣ ملێۆن دۆلاری دەداتە مۆدێرنا ، بەم شێوەیە پشکەکانی مۆدێرنا کە لە سەرەتای مانگی یەکدا تەنها ١٨ دۆلاری دەکرد بەرز دەبێتەوە بۆ ٥١ دۆلار ٠

کوتان و کۆڤید و کۆرۆنا

دۆزینەوەی کوتان کارێکی ئاسان نیە پسپۆڕەکان دەڵێن ٤٠٠ ملێۆن دۆلار پێویستە تەنها بۆ تەواوکردنی قۆناغە زانستییەکان ، هاوکات هەموو دە پرۆژەیەکی کوتان تەنها یەکێکیان بەردەوام دەبێت و ئەگەری دەرئەنجامی دروست و کاریگەری هەیە ٠

بەگوێرەی ڕێکخراوی بیل گێتس کوتانی دانیشتوانی جیهان نزیکەی ٣٥ ملیارد دۆلاری دەوێت ، دوای دۆزینەوەی کوتانەکە پاشان لەنێوان کورتی تەمەنی کوتان و تازەکردنەوەی کوتان و کوتانی ساواکان نزیکەی ٢ بۆ ٢٥ ملیارد دۆلار ساڵانە مسۆگەر دەکات بۆ دۆزەرەوەی کوتانەکە ٠